مامە کوڕنوو

17 فروردین 1403 - خواندن 3 دقیقه - 264 بازدید

مامه کڕنوو (مامە کوڕنوو) کێ بوو؟
حاج ئەحمد حاج حەسنی دەرگەزێنی ناسڕاو بە مامە کوڕنوو (ئەحەی کوڕنوو) کەسایەتییەکی شاری سلێمانی بوو. حاجی ئەحمەد کوڕنوو ناسراو به مامە کوڕنوو کەسێکی دیاری ئەوکاتی شاری سلێمانی بووە که جێی ڕیز و خۆشەویستی خەڵکی سلێمانی و لە دڵی خەڵکەکەدا بووە. پیاوێکی قسەزان، قسەخۆش و چاکەخواز. 


شێعری «مامە کوڕنوو» بەرهەمی شاعیر و گۆرانیبێژی بەرز و پێشەنگی کورد مامۆستا محەممەد ساڵح دیلانە. 

مامۆستا دیلان به هەست و جوانییەکی بێوێنە خۆشەویستی و ڕێزی خۆی بۆ مامە کوڕنوو لە توێی ئەم شێعرەدا گەیاندووە وەک نموونەی شێعرێکی کۆمەڵایەتی و به شێوەیەکی جوان یادی ئەم کەسایەتییە نیشتمانییەی تیکەڵ به هەست و سۆزێکی نیشتمانی و نەتەوەخوازی کردووە.
وەک لە بەیتی یەکەمدا مامۆستا دیلان ئاماژە دەکا، مامە کوڕنوو پاش مەرگی لە گردی سەیوان لە شاری سلێمانی نێژراوە کە شوێنی گڵکۆی زۆر لە شاعیران و کەسایەتییەکانی سلێمانی وەک هونەرمندی نەمر حمە جزا، کەریم کابان حەمدی شاعیر و زۆرە لە شاعیرانی و هونەرمندانی دەوروبەرە.
ئەم شێعرە لەلایەن چەندین گۆرانیبێژ وەک مامۆستایان ناسر ڕەزازی، عەلی زەندی و خاتوو لەیلا فەریقی به گۆرانی وتراوەتەوە.

مامۆستا عەلی زندی بۆ یەکم جار لە ساڵی 1992 بە پەێشنیاڕی کاک ئەنور قەڕە داغی گوڕانی مامە کوڕنوو لە ماڵی ئەو بەڕێزە تۆماڕ دەکا.

یاد و ناوی ئەو هونەرمەندە دەنگخۆش و نیشتمانپەروەری کوردستان، هەرمان.🖤



مامە کوڕنوو، ڕاکشاوی گردەکەی سەیوانەکەم
سەر ڕەحەت، دڵ بێگرێ، گوێ شل کە بۆ داستانەکەم

سەیرە، بەزمە، هەڵپەڕینە، پڕ لە قاقا و پێکەنینە
نەعرەتەی گوێ کەڕ ئەکا جۆش و کوڵی سەیرانەکەم

ئەرخەوان سوورە، بەهارە، گوڵشەنە، ڕازاوەیە
دەشت و کۆ ڕەنگین و پڕ شۆیە وەنەوشەی یانەکەم

خەرمەنی لالە لە کۆساران و پێدەشت و نشێو
سوورترە لەو خوێنە باریوەی کوڵی گریانەکەم

دڵبەران سرک و بەتاز و ڕەوتی نەرم و ئێستەکە
سەد توانج ئەگرێتە ئاهووی دەشتەکەی شێروانەکەم

هەڵبڕە چاوی نومایش، تێر سەرنجی ورد بدە
وەک بەجێت هێشت وا نەماوە شارەکەی جارانەکەم

ئەو بەهارەی تۆ بەجێت هێشت پڕ برینی تازە بوو
پڕ لە ئافاتی لەپڕ بوو بۆ گوڵی ئینجانەکەم

ئەو گوڵەی ئاواتی کورد بوو بێتە پشکووتن دەمێ
ڕایوەشێنێ بای شەماڵی نەرمی کوردستانەکەم

ئەو کەسەی دەستی ئەنایە بین و قوڕگی ئەو گوڵە
چنگی خوێناویی ئەنایە ناو دڵە پڕژانەکەم

ئێمە ئارەق ڕشتن و بازوو وەشاندن، بێخەوی
ئەو گڕ و پشکۆی ئەخستە ژێر بنی خەرمانەکەم

ئێستە وا خۆی دائەنێ بۆتە فریشتەی ئاسمان
بۆتە دوکتۆر و برینپێچی برینی گیانەکەم

مامە کوڕنوو چی بڵێم زیاتر لەوەی «خالیس» ئەڵێ:
فێست و ڕێوی و مێزەر و مەیموونە سەیری بانەکەم

وەک وتم: سەیرە لە بانە، یا وەکوو نالی ئەڵێ:
زیندەگیم تاڵە کە زەلکاو بێتیمارە خانەکەم
«محەممەد ساڵح دیلان»

مامە کوڕنووهونەرمەند علی زەندی